مەولانا عەبدولحەمید پێشنوێژ و وتاربێژی هەینیی زاهێدان، لە نامەیەکدا بۆ خامنەیی ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر دۆخی نالەباری خەڵکی سوننی لە ئێران و هەڵاواردنی مەزهەبیی لەو وڵاتە دەربڕی.
مەولانا عەبدولحەمید پێشنوێژ و وتاربێژیی هەینی لە شاری زاهێدان لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە بۆ خامنەیی نووسیوە باسی دەیانساڵ هەڵاواردنی مەزهەبیی و بێڕێزی و پشتگوێخستنی خەڵکی سوننی لە ئێراندا دەکا و دەڵێ: لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی لە ئێراندا، بەردەوام خەڵکی سوننی بە چاوی سووک سەیر کراوە و وێڕای پشتگوێخستنی ماف و داواکانیان، وەکوو شارۆمەندی دەرەجە ٣ و ٤ سەیر کراوە و بە هیچ شێوەیەک ئیزنیان پێنەدراوە لە دەزگا و دامەزراوە حکوومەتییەکان و بە تایبەت شوێنە کانی سەرەوەی دەسەڵات و بڕیاردان، تەنانەت لەسەر ئاستی پارێزگاکانی خۆیشیان هیچ جێگا و پێگەیەکیان هەبێ و بتوانن وەکوو شارۆمەندێکی ئاسایی خۆیان لەم وڵاتەدا ببیننەوە.
شیاوی باسە کە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەڵاواردن و پشتگوێخستن و بێڕێزیکردن وەکوو نەریتێکە و هەر لەسەرەتای هاتنی خومەینییەوە بناغەکەی داندراوە و تا ئێستاش پێڕەو دەکرێ.
لە لایەکی دیکەوە دەیانساڵە بە هۆی بیر و بڕوا و مەزهەب و ئایینی جیاوازەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکوت، سێدارە، کوشتن و زیندانیکردن هەوڵی تواندنەوە و سڕینەوەی جیا بیرانی داوە و هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و مرۆیی لە بەرچاو ناگرێ.












