بەهۆی نەبوونی ئاو لە پارێزگای خۆراسان ژنان کۆڵبەریی ئاو دەکەن
بەهۆی سیاسەتی هەڵە و دزی و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران، لە هەندێک پارێزگاکان کە له ئاوی خواردنەوە بێبەشن، لە گوندەکان ژن و منداڵ ڕێگەیەکی دوور دەبڕن بۆ ئەوەی بە کۆڵ ئاوی خواردنەوەی خۆیان دابین بکەن.
مەهتا بەزر ئەفکەن، لێکۆڵەری بواری ئاو، باسی لەوە کردووە، لەگەڵ نادادپەروەری بەرەوڕووین، بۆ هێندێک لە پارێزگاکان بوودجەیەکی زۆر خەرج دەکرێت، بەڵام هێندێک پارێزگا لە بوونی ئاوی خواردنەوەش بێبەشن.
ناوبراو وتوویەتی، لە پارێزگای خۆراسان دانیشتووانی نزیک بە ٣٠٠ گوند، لەبەر نەبوونی ئاوی خواردنەوە ڕوویان لە پەراوێزی شارەکان کردووە و وەزارەتی وزە لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی ئاوی خواردنەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، بۆ نموونە ئەگەر لە گوندەکان بە جێگای وەرزێڕیی سوننەتی بە شێوەی گوڵخانەیی وەرزێڕی بکرێت، ئەوکاتە ئاوە ژێرزەوییەکان بە شێوەی دروست بەکار دەهێنرێت.
شایانی باسە کە، کۆڵبەریی ئاو ئاکامی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و بەرپرسانی بەڕێوەبەریی ئاوە کە ناتوانن ئاو بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن و هیچ گرینگییەک بە دۆخی ژیانی خەڵک نادەن و هاووڵاتیان ناچارن بۆخۆیان ئاوی خواردنەوە دابین بکەن.












