وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، ئەمریکا ٧میلیۆن دۆلار پارەی ڕێژیمی ئێران کە بلۆکە کرابوو، دەگوازێتەوە بۆ سەر حیسابی سندوقی قوربانیانی تێرۆریزم لە سەر دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
وەزارەتی دادی ئەمریکا بڕی ٧میلیۆن دۆلار لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو جەریمە کردنی ڕێژیم، دەخاتە سەر حیسابی سندوقی قوربانییانی ئەمریکایی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کراون.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، گواستنەوی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەو سندووقە هەوڵێکی ئەمریکایە بۆ بەدواداچوونی دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ پیلانێکی ئاڵۆزی ئێران، پیلانێک کە لە سەرانسەری جیهان زیادی کردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، ئامانجی ئەو پیلانە دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابووری نێونەتەوەییەکانە کەلەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەر ڕێژیمی ئێران، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لەم پیلانەدا چەند هاووڵاتی ئێرانی و وڵاتانی دیکە دەستیان هەبووە و لە ڕێگای فرت و فێڵەوە نزیکەی یەک میلیارد دۆلار پارەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر حیسابگەلێکی زۆری کاربەدەستانی ڕێژیم لە سەرانسەری جیهان گواستۆتەوە.
شایانی باسە کە، سندوقی قوربانیانی دەستی تێرۆریزم، لەلایەن کۆنگرەی ئەمریکاوە بەمەبەستی پیدانی خەسارات بەو کەسانەی کە بەهۆی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بە پشتیوانی ڕێژیمە دیکتاتۆرییەکان زیانیان بەر کەوتووە، دامەزراوە.