وەزیری پەروەردە و ڕاهێنانی ئێران: بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هیچ قوتابییەک لە پەروەردە و فێربوون بێبەش نەبووە.
موحسێن حاجیمیرزایی، وەزیری پەروەردە و ڕاهێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین قسەکانی خۆیدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دۆخی پەروەردەیی ئێران وتی: هیچ یەک لە قوتابیانی ئێران، بەهۆی کۆرۆنا لە قوتابخانە و خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین وەدوانەکەوتوون، ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا خۆی ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ٣ میلیۆن قوتابی لە ئێراندا دەستییان بە سیستمی فێربوون بە شێوەی ئۆنلاین ڕاناگا.
هەر لەو پەیوەندییەدا بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕایانگەیاندبوو کە بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پێویست، شوێنی پەروەردەیی بۆ فێربوون بە شێوەی ئۆنلاین لە دەورانی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنادا ٣ میلیۆن قوتابی لە مافی خوێندن بێبەش بوون.
جێی ئاماژەیە کە مافی فێربوون یەکێک لە مافە سەرەکییەکانی هەر شارۆمەندێکە و لانیکەم دەبێ لە دەورەی سەرەتایی ئەو مافە بەبێ بەرامبەر هەموو کەس کەڵکی لێوەربگرێ.
شایانی باسە کە ئێستاش بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی ئێران و کوردستان بەتایبەتی لە خزمەتگوزاری ئینتێرنێتی بێبەشن و بەو هۆیەشەوە بە هەزاران قوتابی دەستیان بە سیستمی پەروەردەیی بە شێوەی ئۆنلاین ڕاناگا و کاربەدەستانی ڕێژیم لەو بارەوە هیچ هەوڵێکییان بۆ دابینکردنی سیستمی پەروەردەیی وڵات نەداوە.