هێلاری کلینتۆن: ئەمریکا بە گشتی نیگەرانە لەوەیکە ترامپ لە دوایین ڕۆژەکانی سەرۆککۆمارییەکەیدا هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.
هێلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی تویتێرەکەی دەنووسێ: باشترین دیاری کە لەم ڕۆژانەدا “دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئەمریکا دەتوانێ بیدات بە ئەمریکا و جیهان ئەوەیەکە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژی دواییدا هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.
پێشتریش جێگری فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، داوی لە ترامپ کردبوو کە بە قسەی وڵاتانی ئیسرائیل و عەرەبستان نەکا وهێرشی سەربازیی نەکاتە سەر ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئیرنا” وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا کردووە کە هێرشی سەربازیی نەکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.
هەر لەم پێوەندییەدا “محەممەد حەجازی” جێگری فەرماندەی سپای قودسی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: ئیسرائیل و عەرەبستان لە هەوڵی ئەودان کە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بهێننە سەر ئەو باوەڕەی کە لە ڕۆژانی کۆتایی سەرۆککۆمارییەکەیدا هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ئێران.
شایانی باسە کە دۆناڵد ترامپ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەیەکی تەواو نەهێنیدا لەگەڵ ڕاوێژکارانی باڵای ئاسایشی ئەمریکا، داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و و وەزیری بەرگری ئەمریکا کردووە، تا دوایین ڕێکار و پڕۆژە بۆ چۆنییەتی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بدەن بە دۆناڵد ترامپ و ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی نیگەرانی بەرپرسانی دێموکراتی ئەمریکا و وڵاتی ئێرانیش کە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر رێژیمی ئیران زیاتر دەکا.