کەمئەندامبوونی بەندکراوێکی مەزهەبی بە پلەی بەرزی کەمئەندام بوون لەلایەن ناوەندی پزیشکیی قانونی ورمێ پشتڕاست کرایەوە و سەرەڕای ئەوەش دادگا بڕیاری ئازاد کردنی ئەو بەندکراوەی دەرنەکردووە و هەر لە بەندیخانەدا ماوەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ناوەندی پزیشکیی قانونی ورمێ لە نامەیەکدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕایگەیاندووە:” کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پسپۆڕیی مێشک و دەماری پزیشکیی قانونی لە ڕۆژی ٤ی بەفرانباردا، لەسەر دۆسیەی “ئەکبەر ڕەشیدی”، بەندکراوی مەزهەبی لە ناوەندی گشتیی پزیشکیی قانونی ورمێ بەڕێوە چوو، لەم نامەیەدا هاتووە پزیشکیی قانونی، کەمئەندام بوونی ئەم بەندکراوە تەمەن ٣٤ ساڵەیەی پشتڕاست کردووەتەوە و لە ئەگەری دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویست دەتوانێ بەرگەی بارودۆخی بەندیخانە بگرێ.
شایانی باسە کە ئەم بەندکراوە ئایینییە، تەنانەت بۆ کاروباری کەسێتیی خۆی پێویستی بە یارمەتیدەر هەیە و بەندکراوانی دیکە لەم بوارانەدا یارمەتیی دەدەن.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی ڕیزبەندیی ڕادەی کەمئەندامیی ڕێکخراوی خۆشبژێوی ئێران کەمئەندامێتی ناوبراو لەڕادە بەدەرە و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەژێر چاوەدێریی ئەو رێکخراوەدا بووە و بە تەنیایی توانای تێپەڕاندنی کاروبارە تاکەکەسییەکەی خۆی نییە. ناوبراو بەهۆی کەمئەندامبوونی دوو لاق و دەستێکی بەتەواوەتی لە کار کەوتوون.
“ئەکبەر ڕەشیدی” مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە “گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ و “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.