ئەمریکا گەمارۆگەلێکی نوێی خستە سەر ١٦کۆمپانیا و کەسێکی پێوەندیدار بە پیشەی پۆڵا، ئاسن و کانزاکانی ڕێژیمی ئێران.
وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانباری٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە لە درێژەی سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ١٢کۆمپانیایی چالاک لە بەرهەمهێنانی پۆڵا، ئاسن، ئالمینیۆم و مس و هەروەها سێ کۆمپانیای فڕۆشتنی ئاسن و پۆڵای ڕێژیمی ئێران لەدەرەوەی وڵات، بە هۆی”دەستەبەرکردنی پارەیەکی زۆر بۆ ڕێبەرانی گەندەڵی ڕێژیمی ئێران و دابینکردنی پارە بۆ گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، دەخاتە لیستی گەمارۆکانیەوە.
هەروەها کەسێک بە ناوی “مەجید سجدە” بەرپرسی کۆمپانیای گەیاندن و گواستنەوەی دەریایی “ئاریا” و کۆمپانیایەکی پۆڵا لە وڵاتی چین کە یارمەتیدەری وڵاتی ئێرانە بۆ فرۆشتن و ناردنی پارە بۆ ئێران خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
ستیڤێن مێنوشێن، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، لەم پێوەندییەدا وتی: دەوڵەتی ترامپ بەردەوامە لە گەمارۆ خستنە سەر سەرچاوە داراییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە بەهۆی ئەو سەرچاوە داراییانەوە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دارایی و چەکوچۆڵی لە میلیشیا تێرۆریستەکان لە ناوچەکە و جیهاندا دەکا.
شایانی باسە کە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هەموو داراییەکانی ئەو کۆمپانیاگەلە لە ئەمریکا و هەموو وڵاتانی دیکە دەبێ بلۆکە بکرێ.












