١٧ی ئاگوستی ١٨٠١، خاتوو فرێدریکا برێمێر (Fredrika Bremer) لە شارۆچکەیەکی نیزیکی ” ئۆبوو” لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی فینلەند لەدایک دەبێ. لە تەمەنی سێ ساڵیدا بە بنەماڵەوە دەگوێزنەوە بۆ شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوید.
باوکی فرێدریکا برێمێر، یەک لە بازرگان و خاوەن مڵکە دەوڵەمەندەکانی سویدی بوو. کابرایەک کە تەنیا گوێڕایەڵیی کچەکانی بەلاوە گرینگ بووە و ویستوویەتی کەس لە قسەی ئەو دەرنەچێ. دایکی فرێدریکاش ژنێکی نەریتخواز کە بەردەوام نیگەرانی ئەوە بووە ڕەنگە کچەکانی مێردیان وەگیر نەکەوێ، چونکە بە قەیاسی پێویست جوان نەبوونە.
دایک و باوکی فرێدریکا لە پێوەندی لەگەڵ پەروەردە و خوێندەواریی کچەکانیان، هەر بەوەندە قانع بوونە، کەسێک هەڵکەوێ و بێتە خوازبێنیی کچەکان و ئیدی زیادتر لەوە بیریان لە داهاتووی ئەو کچانە نەکردووەتەوە. فرێدریکا لەبەرامبەر ئەو نەریتەدا خۆی بەدەستەوە نەداوە و دژی وێستاوە و دۆخی لەو چەشنەی لە بنەماڵەدا وەکوو “زیندانێک بۆ جەستە و ڕوح” وەسف کردووە. ئەو خۆی عاشقی نووسین بووە و یەکەم ڕۆمانی بەدوور لە چاوی دایکوبابی نووسیوە و پاراستوویەتی بۆ “ڕۆژی ئازادیی ڕادەربڕین” کە چاپ و بڵاوی بکاتەوە. لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا بۆ یەکەمجار لە وانەکانی ئەدەبیات و فەلسەفەدا بەشدار بووە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا یەکەم ڕۆمانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
فرێدریکا وەکوو نووسەرێک هەر لە سەرەتاکاندا خێرا ناسرا و کتێبەکانیشی بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕانسەوی و ئاڵمانی وەرگێڕدرانەوە. لە ئەدەبیاتی سویدیدا فرێدریکا وەکوو “یەک لە دایکانی ڕۆمان” ناوبانگی دەرکردووە. ئەو کتێبانەی لە سەردەمی حەیاتی ئەودا کە زۆرترین خوێنەریان هەبووبێ، بریتی بوونە لە: “کۆمەڵە نەقاشییەک لەبارەی ژیانی ڕۆژانە”، “کچەکانی سەرۆک کۆمار”، “دراوسێیەکان” و “بنەماڵەی هـ”. دیارە کۆمەڵە نامەیەکی زۆریشی بۆ خوشکی خۆی نووسیوە. فرێدریکا ویستوویەتی ژنان ببنە خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی ئازادتر و پەروەردەی باشتر. ئەو لەڕاستیدا ئەگەر ڕۆمانی “هێرتا”ی نووسی، ویستی بێزاریی خۆی لەمەڕ دۆخی ژنی تەنیا و بێکەس و بێماف دەربڕێ. گرفتەکەی لە قالبی ڕۆمانێکدا هێنایە بەرباس و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی سویدی دانا و لەئاکامدا، دواتر یاسایەک بە قازانجی ژنان پەسند کرا.
فرێدریکا هەرچەند ناسراوترین ژنی سویدی سەدەی نۆزدەهەم و یەکەم بنیاتنەری شێوازی نووسینی خۆی بوو بە ناوی “ڕۆمانی بنەماڵەیی”، دواتریش کە دەبێتە پێشەنگی جووڵانەوەی ژنان لە سوید، مەخابن لە سەردەمی ئێستادا تەواو فەرامۆش کراوە، چونکە کۆمەڵگەی سوید پێشکەوتنی بەرچاوی لەباری دابینبوونی مافی گشتی بەخۆیەوە بینیوە و ژنان توانیویانە خاوەن دەسەڵات و مافی خۆیان بن.
زۆربەی کەسایەتییەکانی نێو بەسەرهات و نووسینەکانی ئەو خاتوونە، لەڕاستیدا بوونەتە ناو و سەردێڕی ڕۆمانەکانی ئەو، بۆ وێنە “نینا” ، “هێرتا” و چەندێکیتر. ئەوانە لەڕاستیدا کچ و ژنانێک بوون کە بە هۆی زەختی بنەماڵەوە بە زۆر بەشوو درابوون و دواتر تووشی چارەنووسێکی پڕ لە نەهامەتی هاتبوون.
فرێدریکا لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا توانی چەند سەفەرێک بکا بەرەو ئامریکا و هەر لەو سەفەرەشدا لەگەڵ چارلز دیکێنز ئاشنا دەبێ. دواتریش بەرەو خۆرهەڵات و ئاسیا سەفەر دەکا. ئەو لەو باوەڕدا بووە کە خۆرهەڵات سەرزەوینی لەدایکبوونی مرۆڤایەتییە و هەربۆیە لە پەنا وەسفی مێژووی فەلەستین و چەند وڵاتێکیتر وەکوو تورکیە و یونان، هەندێکیش لەمەڕ سروشت و کۆمەڵگەی ئەو شوێنانەی نووسیوە. ناوبراو تەنانەت لە شوێنێکدا دەڵێ: “ئەو بەهەشتەی کە لە کتێبی مێژوودا باسی لێوە کراوە، من لە هیندوستان نەمدۆزییەوە، چونکە ئەوێ پڕ بوو لە فەرمانڕەوا و حاکمی زۆردار و بێبەزە. ئەوانە ئەو سەرزەوینەیان کاول کردووە و کردوویانە بە وێرانەیەک”.
ئەو خاتوونە شۆڕشگێرە، لە شەوی ساڵی نوێی ١٨٦٥ی زایینی (٣١-١٢-١٨٦٥) کۆچی دوایی کرد و ئێستاش وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگداری ئەدەبیی وڵاتی سوید یادی دەکرێ.