شەشەمین قوتابی لە ئێران لەمساڵدا بە خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانیان هێنا.
محەممەدڕەزا مەزیدی، بریکاری کۆمەڵایەتیی پۆلیسی ئاگاهیی شاری یەزد وێڕای پشتڕاستکردنەوەی خۆکوژیی ئەو قوتابییە کە ناوی فەرشادە؛ گوتی لە ئێستادا خەریکی بەدواداچوون بۆ ئەو پەروەندەیەو لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەم ڕووداوەن.
ئەو قوتابییە مێرمنداڵە لە یەکێک لە قوتابخانە نموونەییە دەوڵەتییەکان دەیخوێندو دوای گەڕانەوە لە قوتابخانە چۆتە ژوورەکەی خۆیو بە خۆهەڵواسین بە میلەی باڕفیکس کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
یەکێک لە دراوسێکانی ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٣ ساڵە دەڵێ کە بنەماڵەی ئەو کوڕە هێشتا لە شۆک دانو نەهاتوونەتەوە سەرخۆیان. ئەو کوڕێکی زیرەک بوو، دایکو باوکیشی ئەوەیان بۆ پرسیارە کە کوڕەکەیان خۆ لە هیچی کەم نەبوە، ئەدی بۆ ئەو کارەی کردوە؟!
دراوسێیەکی دیکەی ئەو ماڵە لەبارەی هۆکارو پاڵنەرەکانی خۆکوژیی فەڕشاد گوتی: “کوڕەکەی من کە لەگەڵ ئەو لە قوتابخانەیەک بوون ئاوای گێڕاوەتەوە کە ڕۆژی ڕووداوەکە پێکەوە والیباڵمان کردوەو ئەو کەیفی زۆر ساز بووە. دوای یارییەکەش پێی گوتوین کە سبەی سەرەخۆشی منە، ئێوەش بەشدار بن و پڵاوەکەم بخۆن. ئێمە پێمان وابوو فشە دەکا، بۆیە گرنگیمان بە قسەکەی نەدا و دوایە کە بیستمان خۆی کوشتووە تاساین.”
پێش لە فەڕشاد پێنج قوتابیی دیکەش لەمساڵدا بە خۆکوشتن کۆتاییان بە ژیانیان هێنابوو.
لە ئێران بێهیوایی، کێشەی خێزانی، شکست لە ژیانی شەخسی بە هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکان ناودەبرێن، بەڵام هەژاریو کێشەی ئابووری، بێکاری، قەیرانی شوناسو خەمۆکیش بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی پەنابردنە بەر خۆکوژین.