هێزەکانی شارەوانیی رێژیم بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی خانووبەرە ماڵی خەڵکی هەژار لە دەوروبەری بانە دەڕۆخێنن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی شارەوانی لە شاری بانە بە بیانووی ئەوەیکە ئەو خانووگەلە جەوازی شارەوانییان بۆ سازکردنی خانوو نییە بە لۆدێر و هێزێکی زۆرەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر خانووە تازە سازکراوەکان لەو شارە و هەموویان ڕووخاندووە.
هێزەکانی شارەوانی بەیارمەتی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو خانووە تازە سازکراوانە لە شاری بانە و وتوویانە کە حوکمی خامنەییمان پێیە بۆ ڕووخاندنی ئەو خانووانەی کە بە بێ ئێزنی شارەوانی ساز کراون.
شایانی باسە کە بێجگە لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە سیاسەتی دزی و گەندەڵیی لە نێواخنی هەموو ئۆرگان و ریکخراوە حکوومەتییەکانی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ تەشەنە دەستێنێ و هەتا دێت خەڵکی ئێران لەهەموو بوارێکەوە بەرەو لاوازی و پەراوێز نشینی دەچن بەجۆرێک کە لە ئامارەکانی خودی ڕێژیمدا هاتووە کە ٥٨لەسەدی خەڵکی ئێران لە ژێر هێلی هەژاریدا دەژین و بە تایبەت لە پەراوێزی شارەکاندا زیاتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک ژیانێکی نائاسایی و پڕاوپڕ لە بێکاری و هەژاری دەکەن کە بۆخۆی دیاردەگەلی قیزەون و دزێوی کۆمەڵایەتی و مرۆیی لێدەکەوێتەوە.












