لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە هیچ جۆرە پێکوتەیەکی بیانی نەهاتووەتە نێو ئێرانەوە، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە بازاڕی ڕەشی “ناسر خەسرەو” لە تاران پێکوتەی بیانی دژە کۆرۆنا بە نرخی هەزار یۆرۆ دەفروشرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری”جیهانی ئابووری” ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، و بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە بازاڕی ڕەشی فرۆشتنی دەوا و دەرمان لە شەقامی “ناسر خەسرەوە” لە تاران ئامادە کراوە، باس لەوە دەکرێ کە پێکوتەی دژە کۆرۆنای “ڕووسی و چینی” لە بازاڕی ڕەشدا بە هەزار یۆرۆ دەفرۆشرێ.
بەپێی وتەی فرۆشیاران ئەم پێکوتەیە نموونەی لاوازکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە پێویستی بە پاراستن لە شوێنێکی تایبەت نییە و تەنیا دەبێ دوور بێ لە تیشکی هەتاو و لە جێگایەکیی ویشکدا بپارێزرێ.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە فرۆشیارانی ئەم پێکوتەیە تەنیا بە “یۆرۆ” لە بازاڕی ڕەشدا ئەم پێکوتەیە دەفرۆشن و دەڵێن: لە ١٠ ڕۆژی داهاتوودا پێکوتەی چینی دژە کۆرۆناش دەێتە بازاڕەوە.
لە لایەکی دیکەوە نەبوونی بەرنامەیەکی ڕوون وئاشکرا لە لایەن ڕێژیمی ئیرانەوە بۆ کڕینی پێکوتەی دژە کۆرۆنا لە وڵاتانی بیانی، خەڵکانێک لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرن و بەشێوەیەکیی نایاسایی ئەم پێکوتەیە دێننە بازارەکانی ئێرانەوە و بە نرخێکی زۆر لە بازاڕە ڕەشەکاندا دەیفرۆشن.












