ئایەتوڵا مەحموود ئەمجەد یەکێک لە مامۆستایانی ناوەندەی زانستیی ئایینی قوم، بە دەرکردنی فەتوایەک داوای لە خەڵکی ئێران کردووە کە بە دژی ئاخوندەکان ڕاپەڕن.
ئایەتووڵا مەحموود ئەمجەد مامۆستای ئەخلاق لە ناوەندی زانستیی ئایینی قوم، بە دەرکردنی فەتوایەک داوا لە خەڵک دەکات کە بە دژی ئاخوندەکان ڕاپەڕن و لەو فەتوایەدا وتوویەتی:” کە بە یارمەتی خودا دەمهەوێ وەکوو کڕنۆش بۆ حەزرەتی محەممەد، زۆر ڕاشکاوانە بە( جیهادی ئەکبەر) یان (شەڕی گەورە لە پێناو خودادا تا مردن)، بەدەستهێنانی ماف و بە گژداچوونەوەی زوڵم و زۆرداریی شۆڕش بکەم و ڕووبەڕووی ئاخوندە زاڵمەکانی ئێران ببمەوە و بە دژی ئەو ناوەندە گەندەڵ و گەندەڵکارە و هەموو مێزەربەسەرە بێدین وبێ ویژدانانە شيڕ دەکەم و هەر چییەک دەبێ با ببێ، بژین هاوڕێیانمان و مەرگ و نەمان بۆ ئەوانەی دژ بە خودا و خەڵکن”.
شایانی باسە کە”ئایەتوڵا مەحموود ئەمجەد”، پێشتریش لە لاپەڕەی خۆی لە تویتێردا ناڕەزایەتیی خۆی بە لە سێدارەدانی ڕوحوڵڵا زەم، چالاکی سیاسی، ڕۆژنامونووس و بەڕێوەبەری کاناڵی تلگرامیی “ئامەد نیوز”، دەربڕیبوو و نووسیبووی:”عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسی تەواوی ئەو خوێنانەیە کە لە ساڵی ٨٨ی هەتاوییەوە تا ئێستا ڕژاون و داوای لە ناوبراو کرد کە تۆبە بکا و بە چاکسازیی لە یاسای بنەڕەتیدا ڕێگە بدات خەڵک بە ئاسایش و ئازادی بگەن”.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ناوبراو خەڵکی شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشانە.












