کەشتییەکیی نەوتهەڵگر بە ئاڵای کۆرەی باشوورەوە لە ڕێگای ئیمارات لە نزیک ئاوەکانی ئێران، لە لایەن سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێرانەوە دەستی بەسەرداگیرا.
هەواڵدەریی تەسنیم، کە سەربە سپای پاسدارانە هۆکاری دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکە، پێسکردنی ژینگە لە ئاوەکانی کەنداو ناو دەبات بەڵام هەواڵدەرییەکان ئەم ڕەفتارەی سپای پاسداران بۆ باج وەرگرتن لە کۆرەی باشوور دەزانن و دەیبەستنەوە بەو بڕە پارەیەی ئێران کە زیاتر لە ٧ میلیارد دۆلارە و لە بانکەکانی کۆرەی باشووردا بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بلۆکە کراوە.
شارەزایان پێیانوایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ بەمشێوە گوشاربخاتەسەر ئەو وڵاتە بۆ ئازاد کردنی ئەو بڕە پارەیە.
هەروەها هەواڵدەرییەکان دەڵێن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم کاتەدا زۆر پێویستی بەو پارەیە هەیە کە تێچووی گرووپە تێرۆریستییەکانی هاوپەیمانی خۆی کە زۆریش دواکەوتووە و ئەو گرووپانەی هێناوەتە دەنگ خەرج بکا.
شایانی باسە کە هەموو کارمەندانی ئەو کەشتییە کە ٧ کەسن و بە ئاڵای کۆرەی باشوورەو لە ئاوەکانی ئێراندا لە هاتوچوودا بوون بە بارێکی ٧هەزار و ٢٠٠ تۆنی” ئێتانوڵ”ەوە دەسبەسەر کراون و کەشتییەکە دوای دەسبەسەردا گرتن لە لایەن هێزەکانی سپای ڕێژیمی ئێرانەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندەرعەباس،
جێگای ئاماژەیە کە کۆرەی باشوور لە کاردانەوە بە دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکە کەشتییەکی شەڕکەری دژی دزە دەریاییەکانی ناردۆتە ناوچەکە و شارەزایان دەڵێن کە ئەو کارەی کۆرە، سپای پاسدارانی وەکوو دزی دەریایی پێناسە کردووە.