سەرەڕای هوشدارییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی وزە، لە هەمبەر ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو، ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی پیتاندنی ئۆرانیۆمی زیاد کردووە.
عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی لە سەتا ٢٠ی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەستیپێکردووە.
عەلی ڕەبیعی هەروەها وتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆککۆماری ئێران، بڕیاری دەستپێکردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی لە سەتا ٢٠ی پیتاندنی ئۆرانیۆمی داوە و بە دوای ڕاگەیاندن بە ئاژانسی وزەی ناوکی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی پیتاندنی لە سەتا ٢٠ی ئۆرانیۆم لە ئێران دەستیپێکردووە.
پێشتر مەحموود واعێزی، بەرپرسی دەفتەری سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی وزەی ناوکی بە پێی بڕیارنامەی ڕاگەیەندراوی”یاسای لابردنی گەمارۆکان” خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەرهەمهێنانی لە سەتا ٢٠ی پیتاندنی ئۆرانیۆم و لە ماوەی ساڵێکدا ئێران دەبێتە خاوەنی ١٢٠ کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراو.
شایانی باسە کە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاندبوو کە پیتاندنی لە سەتا ٢٠ی ئۆرانیۆم بەس نییە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکی، بەڵام پیتاندنی ئەو ڕاددەیە لە ئۆرانیۆم ئێران نزیک دەکاتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی.
هەر سەبارەت بەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران دەوڵەتی ئەمریکا شەوی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە وڵامی ڕاگەیاندراوەکەی ڕێکخراوی وزەی ناوكی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر بردنە سەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە بنکەی ناوکی “فۆردۆ” ئەم هەنگاوی ڕێژیمی ئێرانی بە” باجگیری ناوکی” ناوبرد و وتی: ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادەین کە دەستی بە چەکی ناوکی بگا.
لە لایەکی دیکەوە یەکیەتیی ئۆرووپا ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێرانی بە “پێشێلکاری ڕیكکەوتنی ناوکی” ناوبرد.
هەرلەم پێوەندییەدا ” پیتێر ئێستانۆ” وتەبێژی فەرمیی یەکیەتیی ئورووپا بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە کە نابێ ئیزن بدەین رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا،هەوڵەکانی تاران بۆ بردنە سەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم پێشیلکردنی ڕێککەوتنی ناوکییە و ئەم هەوڵەی ڕیژیمی ئێران زۆر مەترسیدارە و لێکەوتەی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: ئامانجی ئەو ڕیژیمە لە بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم، بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییە.












