پاش ماوەیەک پاشەکشەی کۆرۆنا بە ناڕەزایەتییە گشتییەکان، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیدەربڕینی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە ئێران دەستیان پی کردۆتەوە.
لەم حەوتوویەدا کۆبوونەوەی خانەنشینکراوان لە زیاتر لە ١٦ شار بەڕێوە چوو. ناڕەزایەتییەکان پێوەندیی بە کەمیی مووچەی مانگانەیان بووە.
بەپێی ئامار پتر لە سێ میلیۆن کەس لە خانەنشینکراوانی وڵات لە سندووقی ڕێکخراوی دابینبوونی کۆمەڵایەتی مووچەیان دەدرێتی و مووچەی سەتا ٦٠ی ئەو خەڵکەش خوار دوو میلیۆن تمەنە؛ ئەویش لە حاڵێکدا کە لە سەرەتای پاییزەوە هێڵی هەژاری گەیوەتە ١٠ میلیۆن تمەن لە مانگدا. لەو ناڕەزایەتی دەربڕینانەدا کە شارەکانی سنە و کرماشانیشی گرتەوە، دروشمی زۆر توند دران.
هەر لەم حەوتوویەدا نوێنەرانی ئەنجومەنەکانی ماڵی تیاتری ئێران لە بەردەم مەجلیس کۆبوونەوە. ئەو کۆبوونەوەیەش بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە داخرانی سینەما و شوێنەکانی شانۆ و پشتگوێخرانی هونەرمەندان لەلایەن دەوڵەت و ناوەندە بەرپرسیارەکانەوە بوو. ئەنجومەنەکانی ماڵی تیاتر لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵێک داوایان خستووەتە ڕوو، وەک: پێڕاگەیشن بە ژیانی هونەرمەندان، لەبەرچاوگرتنی بیمەی بێکاری و دەرمانی و پێدانی قەرزی بانکی بە قازانجی کەم بۆ هونەرمەندە هەژار و دەسکورتەکان.
هاوکات لە شاری ورمێ شۆفێرانی ڕێکخراوی ئوتووبووسڕانیی ئەو شارە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کەمیی داهات، نەدانی بیمە، بەڵێن و وادەی درۆی بەرپرسان مانیان گرت. لە شاری سنەش دەستفرۆشانی شەقامی فێردەوسی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بریاڕی نەهێشتنی کاسبکاران لەو شەقامەدا، بەرامبەر بینای شۆڕای شار کۆبوونەوە.