لە کاتێکدا وڵات نوقمی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە و هەر لە ئێستاوە باس لەوە دەکرێ بودجەی ساڵی داهاتوو ٣٢٠ تریلیۆن تمەن کورتی دێنێ، بەڵام نوێنەرانی مەجلیس بە ئامادەکردنی گەڵاڵەیەک پەسندیان کردووە بودجەی سەربازیی سپای قودس زیاد بکرێ. ئەوان دەڵێن زیادکردنی ئەو بودجەیە بە ڕادەیەک دەبێ کە بکرێ “تۆڵەی گورچکبڕ!”ی ڕێژیم لە ئەمریکا سەبارەت بە کوژرانی قاسم سولێمانی بکرێتەوە.
ئەوان دەڵێن ئێعتباری ئەم بودجەیە لە شوێنی هەناردە غەیرە نەوتییەکان بۆ عێڕاق دابێن دەکرێ و بەپێی گەڵاڵەکە، وەزارەتی دەرەوە و هەموو دامودەزگا دەوڵەتییەکان ئەرکدار دەکرێن بە هاوکاریی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هاریکاریی وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکەن. هەروەها وەڵامی پێویست و شیاویان بۆ ئەو وڵات و لایەنانە هەبێ لە کوشتنی قاسم سولێمانیدا هاوکاریی ئەمریکایان کردوە. لەو گەڵاڵەیەی مەجلیسدا ئەوەش هاتووە کە وتووێژی دوولایەنە و چەند لایەنە لەگەڵ ئەمریکا و هەرچەشنە دانوستانێک لەسەر توانای مووشەکی وسەربازیی ئێران و ڕۆڵی ئێران لە هاوکێشەکانی ناوچەدا قەدەغەیە.
مەجلیسی ئێران ساڵی ڕابردووش دوای کوژرانی قاسم سولێمانی بڕیاری دا بڕی ٢٠٠ میلیۆن یۆرۆ بخرێتە سەر بودجەی سپای قودس، باڵی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات کە نە بودجەی ساڵانەی ئاشکرا دەکرێ و نە هیچ دەزگا و ئۆڕگانێکی حکوومەتی و دەوڵەتی مافی لێپرسینەوەی لێی نییە.












