لە کاردانەوە بە بڕیاری کۆکردنەوەی چەکوچۆڵی نایاسایی لە عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵای عێراق ڕایانگەیاند کە ئیزن بە هیچ کەس نادەین هێزەکانمان چەک بکەن.
بڕیاری دەوڵەتی عێراق بۆ چەککردنی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەمەوپێش میلێشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە مووشەکی کاتیوشا هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە بڕیاری سەرۆک وەزیران، فەرمانی چەککردنی گرووپە میلیشیا نایاساییەکانی دەرکرد.
ئەبوحوسێن ئەلحەمیداوی، ڕێبەری میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵای عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، چەکوچۆڵی ئەوان مەشروعییەتی لە چەکوچۆڵی ئەرتەشی عێراق وهێزە سەربازییەکانی دیکەی عێراق زیاترە و بە گیانی خۆمان چەکوچۆڵەکانمان دەپارێزین و ئیزن بە کەس نادەین کە چەکمان بکا.
هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممە کە بە بۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس ڕێکخرا بوو ئێمە هیچ بەرنامەیەکمان بۆ هێرش کردنە سەر باڵویزخانەی ئەمریکا نەبووە.
شایانی باسە کە پێشتر “ئەبوعەلی عەسکەری” وتەبێژی حیزبوڵای عێراق، ڕایگەیاندبوو کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە دەرسێکی باش بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بدەین و ئەم قسانەی ناوبراو بوونەتە هۆکاری ئەوەیکە دەبێ کازمی دەسبەسەر و ڕەوانەی دادگای عێراق بکرێ.