جوانمێر مورادی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، جوانمێر مورادی چالاکی کرێکاریی خەڵکی کرماشان کە ئەندامی ئەنجومەنی کرێکارانی کارەبا و ئاسنی ئەو شارەیە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە “جوانمێر مورادی” کرێکاری کارەبای پیشەیی بووە کە ڕۆژی یەکشەممە کەسێک پێوەندی پێوەگرتووە و داوای لێکردوو کە بە مەبەستی چاولێکردنی پرۆژەیەکی کاریی سەردانی دەرەوەی شار بکات کە لەو شوێنە دەسبەسەر کراوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە کرماشان دوای دەسبەسەر کردنی “جوانمێر ” ڕژاونەتە ماڵی ناوبراو و ماڵەکەشیان پشکنیوە.
شایانی باسە کە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەسبەسەر کرانی ئەو چالاکە کرێکارییە و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو ڕوون نیە.











