دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بە گشتی و شاری سنە بە تایبەتی هیچ گرینگییەک بە بەها فەرهەنگی و مێژوویەکانی نەتەوەی کورد و شاری سنە نادەن و بۆیان گرینگ نییە.
باڵەخانەی خەسراوای شاری سنە کە تەمەنی ٢١٢ ساڵ دەبێ، یەکێک لە باڵەخانە کۆن و کەوناراکانی ئەردەڵانییەکانە و بۆ سەردەمی قاجاڕییەکان دەگەڕێتەوە، خەریکە بەرەو وێران بوون دەچێت.
ڕێژیمی ئێران ئاسەوارە کۆنەکانى ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کە بەشیکن لە فەرهەنگ و کەلتووری ئەو خەڵکە وەکوو بەربەستێک لەبەردەم تواندنەوەی ئەو خەڵکەدا و بە تایبەت خەڵکی کورد لە نێو بڕوا و چوارچێوە ئیدئۆلۆژییە کۆنەکەی خۆیدا چاوی لێکردووە و هەوڵى لەنێوبردنیشى داوە تا ڕێگە نەدات ئەو کلتوور و شارستانیەتە کۆن و مێژووییە بمێنێتەوە.
شارى سنە ئاسەوارى کەوناراى زۆرى لێیە کە نمونەشیان هەمان باڵەخانەى خەسراوایە کە تەنیا لە ساڵى ١٣٧٣ى هەتاوى لەلایەن خەڵکی خەمخۆرەوە کەمێکى چاک و نۆژەن کراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەو باڵەخانەیە بە هۆى گەشتیاری بوونییەوە داهاتێکى زۆرى خستووەتە گیرفانى شارەوانى و بەرپرسانى ئەو شارەوە.
شایانی باسە کە، ئەو باڵەخانەیە هۆکارێکى گەورەیە بۆ جوانیی شارى سنە و هاتنى گەشتیار، چونکە دەیان فێستیڤاڵ و چالاکیی هونەرى و ئەدەبیی تێدا بەڕێوە چووە و هەر لە فێستیڤاڵەکانى مۆسیقا و دەفەوە بگرە تا ڕێوڕەسم و پێشانگا هونەرییەکانى وەک نیگارکێشى و پەیکەرتاشى، بەڕیوە دەچێ.












