هێزەکانی ئاسایشی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، چەند کەسێکی خەڵکی ئێرانیان بە گومانی هێرشکردن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ئیمارات دەسبەسەر کرد.
بەپێی هەواڵی کاناڵی ١٢ی تەلەویزیونی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی، هێزەکانی ئاسایشی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی چەند کەسێکی ئێرانییان لە دوبەی و ئەبوو زەبی بە گومانی پلان دانان بۆ هێرشکردن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتەدا دەسبەسەر کردووە و لێپرسینەوەیان لێدەکرێ.
پێشتریش ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردن بۆ سەر هاووڵاتیانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی، لە ساڵوەگەڕی قاسم سولەیمانی هوشداری دابوو.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەگەری ئەوە زۆرە کە هێرشکردن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل و لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەنجام بدرێ کە شوێنی نوێی گەشتیارییە بۆ شارۆمەندانی ئیسرائیلی.
شایانی باسە کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل دوای ڕێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و سەفەر کردن بەبێ ویزا بۆ ئیمارات، کە یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەو ڕێککەوتنە بووە و بە هەزاران ئیسرائیلی لە حەوتوەکانی ڕابردوودا سەفەریان بۆ ئیمارات کردووە، گەیشتوونەتە ئاستێکی باش لە پیوەندیی و کۆماری ئیسلامیش هەوڵی تێکدانی ئەو پێوەندییانە دەدا.












