ئەرتەشی عێراق، بە جەختکردنەوە لە سەرئەوەیکە هەر جۆرە تێکهەڵچوونێکی سەربازیی لە نێوان ئەمریکا و ریژیمی ئێران لە خاکی ئەو وڵاتە کارەساتی بۆ خەڵکی عێراق لیدەکەوێتەوە.
هاوکات بەرپرسانی عێراقی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە تیمێکیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی چەکوچۆڵی نایاسایی لەو وڵاتە پێکهێناوە و بە زووترین کات لە بەغدا چەکوچۆڵی نایاسایی کۆدەکەنەوە.
لەو بەیاننامەیەی کە ئەرتەشی عێراق بڵاویکردۆتەوە هاتووە کە ئەمریکا وئێران دەبێ سەروەری خاکی عێراق بپارێزن و نابێ لەم وڵاتە بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتانی دیکە کەڵک وەربگرن.
مستەفا کازمی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە دەیهەوێت چەکوچۆڵی گرووپە نایاساییەکان لە عێراق کۆبکاتەوە و لێکۆڵینەوە لەو کەس و گرووپانە بکا کە هێرشی مووشەکییان کردۆتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
لە بەغدا بە دەیان جار میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران هێرشی مووشەکییان کردۆتە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و کارناسانی سیاسیی جیهان لە سەر ئەو باوەڕەن کە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوانە ناکارامەیی دەوڵەتی عێراقە و هەر بۆیە مستەفا کازمی بڕیاری دەسبەسەر کردنی بکەرانی ئەو هێرشانەی دەر کردووە.
شایانی باسە کە ماوەیەک پێشتر گرووپی چەکداریی” عەسائێبی ئەهلی حەق” لە هەمبەر دەسبەسەرکرانی چەندین کەس لە بەرپرسانی ئەو گرووپە لە لایەن ئەرتەشی عێراقەوە هەڕەشەی کوشتنی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبوو و هەروەها مستەفا کازمی، لە کاردانەوە و وڵامی هەڕەشەکانی گرووپە میلیشیاکان لە لاپەڕەی فەرمیی تویتێرەکەی نووسی: ئاسایش و پاراستنی خاکی عێراق لە سەر شانی ئێمەیە و ئیزن بە هیچ کەس و گرووپێک نادەین کە ببێتە هۆکاری کێشە و ئاژاوە لە خاکی عێراقدا و کەسانی تاوانبار بە توندترین شێوە سزا دەدەین.












