لە ناوچەی “سۆمای برادۆست” سەر بە پارێزگای ورمێ ڕێگای نێودەوڵەتیی “گەلییە سوولێ” هەڵکەوتووە، کە ئەو ڕێگایە بووەته شوێنێک بۆ ڕوودانی کارەسات و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان.
هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە ئەو ڕێگایە بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن ڕێژیمەوە نۆژەن ناکرێتەوە، ساڵانە ماشێنی گەشتیاران وەکوو، مینی بووس، بارهەڵگر و دەیان جۆر ماشێنی دیکە تووشی ڕووداو دەبن و خەڵکانێک گیانیان لەدەست دەدەن.
ئەو ڕێگایە پەرژینی ئاسنی نییە بۆ ئەوەی ئەگەر ماشێن لە جادەکەدا بەربێتەوە ئەو پەرژینە بیگرێت و تووشی کارەسات نەبێ و پردەکانی کۆن و پرتووکاون و ڕێگاکەش خۆی هەمووی چاڵوچۆڵی زۆری تێدایە.
بەپێی قسەی هاووڵاتییان لەو ناوچەیە، هەتا ئێستا چەندین جار بە شێوەی نووسراوە داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە کێشەکانی ئەو ڕێگایە چارەسەر بکرێت، بەڵام هیچ لایەنێکی پێوەندیدار وڵامدەر نەبووە و ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە کوردستان بەهۆی ستاندارد نەبوونی ڕێگاوبانەکان بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن.











