سپای پاسداران بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ١٧میلیارد دۆلار کە داهاتی خەڵکی ئێرانە، لە ناوچەکەدا بۆ میلیشیا چەکدارەکانیی خەرج کردووە لەکاتێدا خەڵکی ئێرانی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.
محەممەدڕەزا نەقدی جێگری ڕاوێژکاری سپای پاسداران، لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا چەند هەزار دۆلاری لە ناوچەکەدا خەرج کردووە، دەڵێ: ئێمە لە ٣ساڵی ڕابردوودا ١٧میلیارد دۆلارمان بۆ کردەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆمان و میلیشیا چەکدارەکان لەناوچەکەدا، خەرج کردووە.
جێگری ڕاوێژکاری سپای پاسداران بەجەختکردنەوە لەسەر خەرجکردنی ١٧میلیارد دۆلار لەناوچەکە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، باس لەوە دەکا کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشوی هێزی قودسی سپای پاسداران، لانیکەم ٢٢سال بە فەرمان و پشتیوانی تایبەتی خامنەیی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆدا بووە.
نەقدی هەروەها بە ئاماژە بە دژایەتیی کۆمەڵگەی ئێران لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری سووریە و عێراق وتی: ئەوەی کە هێندێک خەڵک دەڵێن بۆچی هاوکاریی خەڵکی سووریە و عێراق دەکرێ لەلایەن رێژیمەوە، دەبێ ئەوانە بزانن کە دۆخی سووریە و عێراق لە هەموو بوارێکەوە خراپە و ئێمەی موسڵمان دەبێ دەستی موسڵمانان بگرین، هەڵبەت ئەوە بێجگە لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ولاتی خۆمان.
شایانی باسە کە، قسەکانی نەقدی لە کاتێکدایە کە دۆخی بژێوی خەڵکی ئێران لەوپەڕێ خراپی دایە و زیاتر لە سەتا ٣٠ی خەڵکی ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و لەوپەڕی بێ دەرەتانیدان کەچی بەرپرسانی ڕێژیم بە میلیارد دۆلار خەرجی میلیشیا چەکدارەکانیان لە سووریە ، عێراق، یەمەن و لوبنان دەکەن، بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیم بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی خامنەیی، سەروەت و سامانی ئێران و خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە خەرجی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیان دەکەن و دۆخی بژێوی ژیانی خەڵکیان بۆ گرینگ نییە.