هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران تەنیا هێزی ڕێگەپێدراوی چەکدارن کە شەوانە دەچنە شاخ و گوند و شارەکانی کوردستان بۆ ئازاردانی خەڵکی کورد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی بڕیارێکی تایبەت لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لە تاران، تەنیا هێزی چەکدارن کە مافی چوونە کەمین لە شەوانەدا و سووڕانەوە لە نێو گوند و شارە سنوورییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵ خەڵکی کورد هەیە.
شایانی باسە کە هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ناوچە کوردنشینەکان و لە سنوورەکانی کوردستان بەردەوام هەوڵی ئازار و ئەزیەتی خەڵکی کوردستانیان داوە و تەنانەت لەم ڕۆژانەدا دەڕژێنە گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان و بە زەبری هێز و چەک دەیانهەوێت، مەڕوماڵاتی خەڵک بە بیانووی جۆراجۆر بە تاڵان ببەن و هەروەها لە سنوورەکان بە بیانووی جۆراوجۆر خەڵکی بێتاوانی کۆڵبەر دەدەنە بەر دەسڕێژ و تەقەیان لێدەکەن و بەم هۆیەوە ڕۆژ نییە کە خەڵکی کوردستان نەبنە قوربانی زوڵم و زۆری هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی سپای پاسداران.