لە ناوچەی پیرانشار دەسەڵەتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەر گلدانەوەی ئاو بەنداوێکی لە گوندی “کانی سێو”ی ناوچەی پیرانشار دروست کردووە کە بەوهۆیەوە مەترسیی بۆ سەر زیاتر لە ٧گوندی ناوچەکە دروست کردووە و ئەو ٧گوندە دەکەونە ژێر ئاوەوە.
تەواوبوونی کارەکانی بەنداوی “کانی سێو” لە پیرانشار، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگەیەندرا و گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە دەستیپێکردووە و ئەو بەنداوە ساڵانە توانای گلدانەوەی٧٠٠ میلیۆن میترسێجا ئاوی هەیە و بڕیارە سەتا ٩٠ی ئاوەکەی بۆ گۆلی ورمێ بگوازرێتەوە، بەڵام هێشتا تونێلی گواستنەوەی ئاوەکە تەواو نەکراوە.
جێگری وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: تونێلەکە ٣٥ کیلۆمیتر و نیوە و ٣٤کیلۆمیتری تەواو بووە و یەک کیلۆمیتر و نیوی ماوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە گەیشتۆەتە سەرچاوەیەکی ئاو، ناتوانن کارەکە تەواو بکەن .
بەهۆی دروستکردنی ئەو بەنداوەوە گوندەکانی “سۆغانلوو و کاسەکەران” ژێر ئاو کەوتوون و ٧ گوندی دیکە لەگەڵ دەیان هێکتار باخ و زەویی کشتوکاڵیدا لە ساڵانی داهاتوودا ژێر ئاو دەکەون، بەڵام هێشتا هیچ بڕە ئاوێک بۆ کەرتی کشتوکاڵیی ناوچەکە دیاری نەکراوە.
جێی ئاماژەیە کە دەسەڵاتدانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن؛ پڕۆژەکە لە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریدا بۆ خەڵکی پیرانشاریش قازانجی زۆری دەبێت، بەڵام خەڵکی ناوچەکە وای نابینن دەڵێن، پرۆژەکانی ڕێژیم وەک نەخۆشخانە و ڕێگەوبان کە بۆ خەڵک پێویستن جێبەجێ ناکرێن، بەڵام پرۆژە حکومییەکان کە بەرژەوەندی خۆیانی لەگەڵدایە بە پەلە تەواوی دەکەن و ڕێژیمی ئێران بۆ بە تاڵانبردنی سەرچاوەکانی کوردستان و بە تایبەت ئاو کە سەرچاوەیەکی گرینگ و پڕبایەخە دەس لەهیچ ناپارێزێ.
ترسێکی دیکەی دانیشتووانی پیرانشار ئەوەیە کە گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ ڕووی پرۆژەکە بێت و تەنیا چەواشەکاریی ڕێژیم بێت و لە ناوەڕۆکدا گواستنەوەی ئاو بۆ شارە گەورەکانی وەک تەبرێز بێت.