هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دادگایی کرا و حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران بە ناوی “ڕاشد ئەحمەدی” لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە حوکمی یەک ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەر ناوبراودا سەپاوە.
جێگای ئاماژەیە کە، ڕاشد ئەحمەدی خەڵکی گوندی ”توانکەش“ی کامیاران، پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەندامی حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ شاری کامیاران و لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دوای لێکۆڵینەوە لە دادگای ئینقلابی شاری سنە سزای یەکساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.