ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم دەڵێ: سەرچاوەی هێزی مووشەکی غەزە و لوبنان، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سپای پاسدارانی ئێران بەجەختکردنەوە لە سەر دەور و نەخشی رێژیمی ئێران لە ناردنی چەکوچۆڵ بۆ گرووپە میلیشیاکانی ناوچەکە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوپەیمان و دۆستەکانی خۆی لە ناوچەکەدا فێری دروستکردنی داوی ماسیگیریی کردووە نەک ماسییەکەیان بۆ ئامادە بکا یان فێری ماسی گرتنیان بکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەوالدەریی”تەسنیم” ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، ئەمیر عەلی حاجیزادە، بەوتنی ئەوەیکە ئەو هێزە مووشەکییەی کە لە غەزە ولوبنان دەیبینن، هەموو بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێرانە دەڵێ: ئێمە پشتیوانی سەرەکیی هاوپەیمانەکانمان و دۆستەکانمانین لە ناوچەکەدا و بەردەوام بەپێی پێویست یارمەتییان دەکەین.
ناوبراو دەڵێ: گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکا بەتایبەتی لە فەلەستین لە ماوەی ١٠ساڵدا لە هاویشتنی “بەرد”ەوە” گەیشتوون بە مووشەکی پێشکەوتوو و زۆربەی هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا ئێستا ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە سەربازییەیان لە بەردەستدایە.
حاجیزادە لە درێژەدا بە ئاماژە بەڕیککەوتنی بەرجام کە دەوڵەت پشتیوانی لێدەکا دەڵێ: هێزی مووشەکی ئێران بۆ وتووێژ نابێ، و هەرکەس و لایەنێک بیهەوێ لەسەر توانای مووشەکی و سەربازیی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دیکەدا وتووێژ بکا دەمی دەشکێنین، ئیزنی وتووێژ لە سەر مووشەک و چەکی پێشکەوتووی خۆمان بە هیچ کەس نادەین.