سێ بەندکراوی ئایینیی سونی مەزهەب لە بەندیخانەی”وەکیل ئاباد”ی مەشهەد لە سێدارەدران.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، سێ بەندکراوی ئایینیی سونی مەزهەب بە ناوەکانی” حەمید ڕاست باڵا، کەبیر سعادەت جەهانی و محەممەد عەلی ئارایش” لە بەندیخانەی” وەکیل ئاباد”ی مەشهەد لە سێدارە دران.
جێبەجێکردنی لە سێدارەدانی لە ناکاوی ئەو سێ کەسە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی بەندیخانە و دەزگای قەزایی تەنانەت ئیزنیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە بۆ داویین جار چاوپان بە ناوبراوان بکەوێت.
شایانی باسە کە ئەو سێ کەسە ڕۆژی چوارشەممە لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوونەوە کە ڕۆژی دواتر و لە ناکاو هەرسێکیان لە سێدارە دران.
جێگای ئاماژەیە کە ” حەمید ڕاست باڵا، کەبیر سعادەت جەهانی و محەممەد عەلی ئارایش” لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون دوای ١٢ مانگ کە لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەشهەد بە سەروکایەتی دادوەر” مەحموود داوود ئابادی” بە تۆمەتی شەڕی چەکدارانە بە دژی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ئەندامیەتی لە گرووپێکی مەزهەبی، سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.












