هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن دەزگای قەزایی ڕیژیمی ئێرانەوە سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بۆ بڕایەوە و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز) لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی “ئەسکەندەر محەممەدپوور”، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە.
ئەسکەندەر محەممەدپوور، تەمەن ٣٠ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکەی دیکەی خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و پاش سێ مانگ، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە ” ئەسکەندەر محەممەدپوور” پاییزی ئەمساڵ لە لایەن دادگای ئینقلابی شنۆوە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران، سزای ٢ساڵ و ٦مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.











