هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵدەکوتنە سەر گوندی گۆڕەشێر لە ناوچەی سەردەشت وهەڕەشە لە خەڵکی ئەو گوندانە دەکەن کە دەبێ لە ماوەی دە ڕۆژدا ئاواییەکەیان چۆل بکەن.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، چەکدارێکی زۆری حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرش دەکەنە سەر گوندی “گۆڕەشێر” سەر بە شاری سەردەشت و بە بێڕێزی کردن و هەڕەشە و دەست بەسەرداگرتنی مەڕوماڵاتی خەڵک پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ لە ماوەی دە ڕۆژدا ئەم ئاواییە چۆل بکەن.
بە پێی سەرچاوەیەکی چاونیوز، دوای ئەوەیکە هێزێکی زۆری چەکدار هێرشی کردە سەر گوندی گۆڕەشێر و بە زۆرەملێ دەستی بەسەر دەیان سەر لە مەڕو ماڵاتی خەڵکی داگرت، خەڵکی ئاوایی بە تێکڕا بەرەنگاریان بوونەوە و توانیان چەندین سەرلە مەڕ و ماڵاتەکانیان لێبستێننەوە، لە ئاکامدا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هەڕەشەی ئەوەیان لە خەڵک کردووە کە دەبێ لە ماوەی دە ڕۆژدا ئەو گوندە چۆل بکەن.
شایانە باسە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەیانهەوێ ڕادەیەکی زۆرتر لەگوندەکان بە هۆکاری سیاسی ئەمنییەتی چۆل بکرێن بەڵام لە کاتی ئێستادا ئەو شەش گوندە بە ناوەکانی “ئاشکانی خوارێ، کاگێ، هەرزنێ. تەهێت، گۆڕەشێر و نۆکان” بەفەرمیی و لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە پێیان ڕاگەیاندراوە کە دەبێ گوندەکانیان چۆڵ بکەن.
جێگای ئاماژەیە، هەتا ئێستا خەڵکی ئەو ئاواییانە بەهیچ شێوەیەک ملکەچ هەڕەشەکانی ڕێژیم نەبوون.











