ژینگەپارێزانی ناوچەی پیرانشار، بۆ دەربڕینی خۆشەویستیی خۆیان بۆ ژینگە هەڵمەتێکی بادام و قەزوان وبەڕووچاندنیان بەڕێوەبرد.
لە درێژەی چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار ڕۆژی هەینی 12ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژینگەپارێزانی پیرانشار، هەڵمەتی چاندنی دەنکی قەزوان و بادام، لە گوندی زینوینجیان لە بەری لاجانی پیرانشار بەڕێوە چوو.
شایانی باسە کە ژینگەپارێزانی ناوچەی پیرانشار لە ڕۆژانی دووشەممە و چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو بە بەشداری سەدان کەس لە ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی خەڵکی ناوچەکە هەڵمەتێکی بەرفراوانی بەڕووچاندن و قەزوان و بادامیان لە ناوچە جیاجیاکانی پیرانشار بەڕێوە برد.
پێویستە بگوترێ کە سەرەڕای هەوڵی چڕوپڕ و بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لە ناوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستان، خەڵکی ژینگەپارێز و چالاکانی مەدەنیی کوردستان ساڵانە بە ناوی زاگرۆسانە هەڵمەتێکی بەرین و بەربڵاو لە هەموو ناوچە و شارەکانی کوردستان بە چاندنی نەمام و بەڕوو بەڕێوە دەبەن و بەم جۆرە خۆشەویستی و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ ژینگەکەیان دەردەبڕن.