هاجەر مەحموودزادە، دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند ڕۆژ لەمەو پێش” دایە هاجەرمەحموودزادە” دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی شەهیدان” مەنسوور و سیامەک محەممەدجانی” بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
دایە هاجەر لە بنەماڵەیەکی نێشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست لە شاری مەهاباد ژیاوە و بە هۆی نیشتمان دۆستی ئەو بنەماڵەوە دوو لە ڕۆلەکانی خۆیان بە ناوەکانی شەهیدان” مەنسوور و سیامەک محەممەدجانی” پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
شایانی باسە کە شەهید مەنسوور لە شاری مەهاباد مامۆستای قوتابخانە بووە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێ و دوای ماوەیەک لە گەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لە ساڵی ٦٢ی هەتاوی، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی گەل و نیشتمانەکەی دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی ” دایە هاجەر مەحموودزادە” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











