شەریعەتمەداری بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان: سزای مووسەوی و کەڕووبی( بەرپرسانی بزوتنەوەی سەوز لە ئێران)، سێدارەیە.
سەرنووسەر و بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان، دەسبەسەرکرانی بەرپرسانی بزوتنەوەی سەوزی لە ماڵەکانی خویاندا کە هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان ڕەخنەی لێدەگرن بە ” لێخۆشبوون و ڕێزلێگرتن” ناو دەبا و جەختی لەسەر ئەو کردەوە کە عەلی خامنەیی، تەنیا لە بەرئەوەیکە پێشتر خزمەتیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە لێیان خۆش بووە دەنا سزای ئەو دوو کەسە زۆر قورسە و دەبوو لە سێدارە بدرێن.
حوسێن شەریعەتمەداری، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە بەرنامەی تەلویزیۆنی”بێ ڕاوەستان” بەئاماژە بەوەیکە دەسبەسەرکران لە ماڵەکانی خۆیاندا ” لێخۆشبوونی گەورەی” دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەوز ناوبرد و وتی: نابێ خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ٩ی بەفرانبار کە بوو بە هۆی ئاژاوە و زەربە لێدان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بیر خۆمان ببەینەوە لەبەر ئەوەیکە ڕێبەرانی ئەو خۆپیشاندانانە ئێستاش هەر ماون و ژیان دەکەن.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا هێرشی کردە سەر ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەوز و وتی: مووسەوی و کەڕووبی تاوانبارن بە ” وڵات فرۆشی و هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران” و تاوانباری سەرەکیی لە کوشتنی کەسانی ناڕازی ئەو دوو کەسەن و حوکمی ئەوان سێدارەیە.
شایانی باسە کە “میرحوسێن مووسەوی ،مەهدی کەڕووبی و زەهرا ڕەهنەوەرد” لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە ئاکامی هەڵبژاردنەکە، دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کرد و بەم جۆرە بە سەدان هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازی بووەوە و “عەلی خامنەیی” ئەو سێ کەسەی بە ئاژاوەگێڕ تاوانبار کرد و بێ دادگایی کردن وەکوو ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەوز لە ئێران، لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کران.