ئیسماییل قائانی فەرماندەی هێزەکانی قودسی سپای پاسداران، هەڕەشەی کردەوەی تێرۆریستی لە نێو خاکی ئەمریکادا دەکا.
ئیسماییل قائانی فەرماندەی هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، بە نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی کوژرانی “قاسم سولەیمانی” وتی: کوژرانی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمریکاوە نابێتە هۆکاری ئەوەیکە، تاران دەسبەرداری بەربەرەکانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا ببێتەوە.
قائانی جێگرەوەی سولەیمانی و فەرماندەی هێزەکانی سپای قودسی ڕێژیم ڕۆژی هەینی وتی: ئێران ئێستاش دەتوانێ وڵامێکی قورسی سەربازیی بۆ تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی بە ئەمریکا بداتەوە.
ناوبراو لە بۆنەیەکدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی، لە زانکۆی تاران وتی: هەر ئێستا کەسگەلێکمان هەیە کە لە نێوخۆی خاکی ئەمریکا دەتوانن و ئامادەن بە کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکایی وڵامی توندی ئەمریکا بدەنەوە.
قائانی هەروەها لە درێژەدا وتی: ئەو چوارچێوە کارییە کە هێزەکانی سپای قودس پێڕەوی دەکەن درێژەی دەبێ و بە هۆی ئەمریکاوە هیچ ئاڵوگۆڕێک بە سەر چالاکییەکانماندا ناهێنین.
هەرلەم پێوەندییەدا محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە وتی: دوناڵدترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە شوێن بیانوویەکدا دەگەڕێ کە هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ئێران، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانێ کە تاران بە هەموو هێز و توانایەوە ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکا.