بەرپرسی کومیتەی شۆرای کار بە ئاماژە بە گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئێراندا دەڵێ: لە ئیران زیاتر لە ٤٩ میلیۆن کەس کرێکارن کە بۆ زیندوومانەوە هەوڵ دەدەن نەک بۆ ژیانکردن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “تەسنیم: فەرامەرز تەوفیقی، بەرپرسی شۆرای کار، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، بەڕاگەیاندنی ئەوەیکە هەبوونی خانوویەکی چووکە و ماشینێکی پراید بۆ کرێکاران بووە بە ئاوات وتی: لەم بارودۆخی ژیانکردنەدا لە ئێران کە لە سەتا ٥٨ی خەڵک زیاتر بۆ زیندوومانەو هەوڵ دەدەن نەک بۆ ژیانکردن، هەندێک کەسمان لە ئێران هەیە کە لەو پەڕی خۆش بژیویدا دەژین.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە لە ئیستادا ١٤میلیۆن و ٤٩٤هەزار کرێکار لە ئێراندا هەن کە بە بنەماڵەکانیانەوە دەبنە ٤٩میلیۆن کەس زیاتر لە سەتا ٥٨ی حەشیمەتی ئێران پێکدەهێنن وتی: کرێکارەکان چۆن و بەچ شێوەیەک لەم گرانییەدا و بە مانگانەی ٣ میلیۆن تمەنی دەبێ ژیان کەن، کەوابوو کرێکارەکان تەنیا هەوڵی زیندوومانەوە دەدەن نەک ژیانکردن.