دوو هاوڵاتیی خەڵکی ناوچەی سەردەشت، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیتلاعاتی شارۆچکەی نەڵاس سەر بە شاری سەردەشت بە هۆکاری نادیارهەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک بەناوی “لوقمان یووسفی” کوڕی “حاجی ئەحمەدی هەڵوێ” و دوای بێڕێزیکردن ، لێدان و دەست بەسەرداگرتنی موبایل و هەندێک شتی کەسیی، ناوبراو قۆڵبەست دەکرێ و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەگوازرێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم ناوچەیە ڕایگەیاندووە کە، “لوقمان یووسفی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر دەکرێ و لەبەر چاوی خەڵک لێیدەدرێ، جیرانێکی ناوبراو بە ناوی “کاوە فەریقی” لەبەرامبەر ئەو هەمووە بێڕێزیکردنە هەڵوێست دەگرێ و بەرەنگاری هێزە ئیتلاعاتییەکان دەبێتەوە کە ئەویش بە شێوەیەیکی زۆر دڕندانە دەکەوێتە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم و لێیدەدرێ و دەسبەسەر دەکرێ.
شایانی باسە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی “لوقمان یووسفی” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە بەردەستدا نییە.