کردەوە تێرۆریستییەکانی هێزە چەکدارەکانی قودسی سپای پاسداران، ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری “خامنەیی”دا بەڕێوە دەچێت.
پاسدار محەممەد زۆلقەدر فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و جێگری ئیستای “دەزگای قەزایی” کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ: بڕیاری هیچ چالاکییەکی هێزی “قودس” سەر بە سپای پاسداران بەدەستی خۆی نییە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری وردی عەلی خامنەییدایە و هەر ئەویش فەرماندەیی دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “تەسنیم” ناوبراو وتی: لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بە فەرمانی عەلی خامنەیی و بە پێشنیاری سپای پاسداران، هێزێکی نوێ بە ناوی هێزی “قودس” پێکهێنرا.
ناوبراو هەروەها دەڵێ: هێزی قودس هەرچەند بەشێکە لە سپای پاسداران، بەڵام هێزێکە لەدەرەوەی سنووری وڵات چالاکییەکانی ئەنجام دەدات و هەموو جموجۆڵ و چالاکییەکانیان بە بڕیاری عەلی خامنەیی جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها پاسدار زۆلقەدر گوتی: هێزی قودس پێنجەمین هێزی سپای پاسدارانە، بەڵام پێوەندی سپا لەگەڵ ئەو هێزە پێوەندییەکی فەرماندەیی تەواو نییە، بەو واتایەی کە سپای پاسدارن پشتیوانی لە هێزی قودس دەکات و سەر بە سپایە، بەڵام چالاکییەکانی ئەو هێزە لە دەسەڵاتی سپای پاسداراندا نییە و ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران واتە خامنەییدایە.