ڕێکخراوی یەکیەتیی دژی ئێرانی ناوکی، لە ڕاپۆرتێکی ٣٢ لاپەڕەییدا لە سەر چالاکی و کوژرانی قاسم سولەیمانی دەنووسێ چالاکییەکانی قاسم سولەیمانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لە هەموو زیاتر وەکوو هێزێکی تێرۆریست و ناسەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێناسە دەکا.
ئەو ڕێکخراوەیە سولەیمانی بەمجۆرە پێناسە دەکا، سولەیمانی لەڕێگای سەربازیی و دیپلۆماتیک و کەڵک ورگرتن لە ئایینی شیعە و پشتیوانیکردن لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکان و هەواڵدان بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران چالاکیی دەکرد.
ئەم ڕێکخراوەیە قاسم سولەیمانی، بۆ بەهێزکردنی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق تۆمەتبار دەکا کە لە ئاکامدا بوو بە هۆی کێشەیەکی زۆر بۆ ئەو وڵاتە و ڕووداوگەلێک کە بوو بە هۆی ئەوەیکە دوناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بڕیاری کوشتنی سولەیمانی لە عێراق بدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندکە هێزەکانی ئەمریکا بڕیاری “دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئەمریکا، بۆ کوشتنی “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سپای قودسی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕێکخراوێک کە لەلایەن ئەمریکاوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ناسێندرابوو، بە بڕیارێکی درووست و زیرەکانە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەزانێ.
شایانی باسە کە ڕێکخراوی”یەکیەتیی بە دژی ئێرانی ناوکی” ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و بۆ پێشگرتن لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ و ناوکی چالاکیی دەکا، ئەم ڕێکخراوەیە بارەگاکەی لە نیۆیۆرکدایە و سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیە “جۆ لیبێرمەن “سناتۆری پێشووی مەجلیسی سێنای ئەمریکابووە.