ژێنراڵ فرانک مەک کێنزی: هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە زۆر پێویستە و لە گەڵ هاوپەیمانەکانمان خەریکی خۆ ڕێکخستنین.
چەند ڕۆژی ماوە بۆ ساڵەوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج، ژێنراڵ “فرانک مەک کێنزی” فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئێمە شەڕمان ناوێ، بەڵام ئەمریکا ئامادەیە وڵامی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بداتەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا و بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەواڵی سێهەمین گەشتی فڕۆکەشەڕکەرەکانی” بی ٥٢”ی لە سەر ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتڕاست کردەوەو وتی: ئەم کارەی ئێمە بۆ وڵامدانەوەی توندی ئەگەری هێرشی ڕێژیمی ئێرانە لە ساڵەوگەڕی کوژرانی” قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران.
ئەمریکا بەجەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی هێرشی تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەن بۆ سەر بنکەو بارەگاکانیان ڕایگەیاند کە ئێمە بۆ پاراستن و پشتیوانیی هێزە هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژێردەریاییەکی ناوکیمان ناردۆتە ئاوەکانی کەنداو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هەناردنی ژێردەریایی” یو ئێس ئێس جۆرجیا” بۆ ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامێکی ڕوون وئاشکرایە بۆ رێژیمی ئێران کە ئەمریکا ئامادەیە ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکایی دەڵێن: ئامادە بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا، بە ڕێژیمی ئێران دەڵێ کە هەرجۆرە هێرشێکی سەربازی و تێرۆریستیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لە لایەن ڕێژیمی ئێران ومیلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە بە بیانووی ساڵەوگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی، دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە ئەمریکا بە هەموو هێز و توانایەوە هێرشێکی سەربازیی توند بکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.