بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت دوای تێپەڕینی ٤٢ سال لە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران ٢٨ میلیۆن کەسی ئێرانی لەژێر هێڵی هەژاریدان.
بەپێی وتەکانی” مووسا شەهبازی” سکرتێری گشتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئابووری لە مەجلیسی ئێران لە سەتا ٣٥ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام ئەمە ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتە کە زۆر دوورترە لە ڕاستی و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران، بەهۆی ناکارامەیی و نابەرپرسایەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تەنانەت ناتوانن ژەمە خواردنێکیش بۆ بنەماڵەکانیان دابین بکەن.
مووسا شەهبازی وتی: بەپێی هەموو ئەو لیکۆڵینەوانەی کە ئێمە کردوومانە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران بەهۆی دۆخی ئابوورییەکی داڕماو و نەبوونی هەلی کار تەنانەت ناتوانن لە مانگدا کە هیچ لە ساڵێکیشدا کیلۆیەک گۆشت بکڕن و بیبەنەوە لەگەڵ ماڵ و منداڵیان لە سەر سفرەکانیان دایبنێن و هێلکە بووە بە جێگرەوەی گۆشتی سوور و مریشک لە سەر سفرە و خوانی خەڵکی هەژار و کەمداهات.
پێویستە ئەوەش بگوتری کە بەهۆی گرانبوونی نرخی هێلکە ئێستا خەڵکی هەژار تەنانەت ناتوانن هێلکەی ژەمە خواردنێکیشیان دابین بکەن.
بەپێی وتەکانی ناوبراو نرخی مریشک و هێلکە بە بەراوەرد لە گەڵ ساڵی ڕابردوودا لە سەتا ٨٤ هەڵکشاوە کە ئەمە جێگای پرسیار و سەرسووڕمانە و دەبێ بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران وڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.
شەهبازی دەڵێ: من لە سەر ئەو باوەڕەم کە پێڕەو کردنی سیاسەتی هەڵە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە هۆکاری سەرەکیی هەڵکشانی نرخی زۆربەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ئەگینا گەمارۆکانی ئەمریکا چی بە هەڵکشانی نرخی هێلکە داوە کە لەماوەی ساڵێکدا لە سەتا ٨٤ نرخی بەرز دەبێتەوە و ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سیاسەتکردندا و بەڕێوەبردنی وڵاتدا سەرکەوتوو نەبوون.
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانە کە ڕێژیمی ئێران بۆ خۆی بڵاوی دەکاتەوە و دەڵێ: ٢٨میلیۆن کەس لە ئێراندا لە ژێر هێڵی هەژاریدان، کە ئەم ئامارانە دوورن لە ڕاستی و زیاتر لەو ئامارە فەرمییانە خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدان.