کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ لە ڕێگەی دووبارە هەناردەکردنی گاز بۆ وڵاتی عێراق پێکوتەی دژەکۆرۆنا دابین بکات.
ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە؛ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق لە بەغدا گەیشتووینەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە ڕێگەی سەرچاوە داراییەکانی ئێران لەو وڵاتە پارەی کڕینی پێکوتەی دژەکۆرۆنا لە ئورووپا دابین بکەین.
وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە، ئەو پێکوتەیە لە ڕێگەی پارەی ئەو گاز و کارەبایە کە عێراق بە ئێران قەرزدارە دەکڕدرێت، پێشتر سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە دوای سەفەرێک بۆ بەغدا بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە، ڕێککەوتنیان لەسەر ئەوە کردووە کە دەوڵەتی بەغدا بۆ دانەوەی قەرزەکانی خۆی “خواردەمەنی و دەرمان” بە ئێران بدات.
ساڵی ڕابردوو باس لەوە کرا کە عێراق لە بەرانبەر قەرزەکاندا خواردەمەنی بە ئێران دەدات، ئێستا ئەو هەواڵە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە بە فەرمی پشتڕاست کراوەتەوە و تاران بە جێگای قەرزی گاز و کارەبا خواردەمەنی و دەرمان لە بەغداوە هاوردە دەکات.
کاربەدەستانی ئەمریکایی دەڵێن؛ ڕێژیمی ئێران لە داهاتێک کە لە ڕێگەی فرۆشی نەوت و گاز بەدەستی دێنێت، یارمەتی و پشتیوانیی ماڵی تێرۆریستان دەکات، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە پێبەندی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی یارمەتییەکانی تێرۆریستان وشک بکەن.