ناوەندی هەواڵنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتی سالانەی خۆیاندا، بە ئاماژە بە دۆسییەکانی کوشتن و لەسێدارەدانەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمەی بە بەرزترین ئاماری کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە نیوسەدەی ڕابردوودا، ناساند و پێیوایە کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەمین حکوومەتە کە زۆرترین ڕۆژنامەنووس بە تاوانی جۆراوجۆر دەکوژێت.
هەواڵنێرانی بێسنوور، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە، لەسێدارەدان و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، پێشینەی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو وڵاتێک کە بەرزترین پلەی ئاماری کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی هەیە، پشتڕاست کردۆتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، ڕێژیمی ئێران بە درێژایی مێژووی خۆی بەردەوام دەستی سوور بووە لە خوێنی ڕۆژنامەنووسانی بێ تاوان و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە ئاستی جیهاندا ڕێکوردی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی شکاندووە و هەواڵنێرانی بێسنوور، دادوەر “سەڵەواتی” کە سەرۆکایەتی دادگایی کردنی ڕۆژنامەنووسان دەکات، وەکوو جەلڵادی ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێران ناساندووە کە بەدەگمەن هەبووە سزای سێدارە بەسەر ڕۆژنامەنووساندا نەسەپینێ.