“جێژنی هەنار” لە چوارچێوەی پەروەندەی تۆماری جیهانی نێردراوە بۆ یۆنسکۆ.
بەڕێوەبەری میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی کرماشان ڕایگەیاند تیمێکی پسپۆڕی داتا و فایلی تایبەت بە جێژنی “شوکرانەبژێریی هەنار”یان کۆ کردۆتەوە و لە چوارچێوەی پەروەندەی تۆماری جیهانیدا ڕەوانەی یۆنسکۆیان کردووە.
ئومید قادری بەڕێوەبەری ئیدارەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی کرماشان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی وڵاتی ئازەربایجان بۆ تۆمارکردنی جێژنی هەنار لە یۆنسکۆ بەناوی وڵاتەکەیەوە کرد و وێڕای ناڕەزایی دەربڕین بەو کارە ڕایگەیاند، ئەوانیش داتاکانی خۆیان ناردووە بۆ یۆنسکۆ.
قادری ئەوەشی زیاد کرد کە، تیمێکی پسپۆڕ کاری کۆکردنەوەی داتاکانی جێژنی شوکرانەبژێریی هەناریان لە ناوچەی هەورامان تەواو کردووە و ئەو زانیاری و بەڵگانە لە چوارچێوەی دۆسیەی تۆماری جیهانیدا بۆ یۆنسکۆ نێردراون و چاوەڕێی وەڵامن.
ناوبراو گوتیشی؛ ئەو جەژنە و ڕێوڕەسمەکەی، بەشێکە لە دۆسیەی تۆماری جیهانیی هەورامان کە وەک میراتی جیهانی لای یۆنسکۆ تۆمار کراوە.
شایانی باسە کە، وڵاتی ئازەربایجان لە دۆسیەیەکدا داتای جێژنی شوکرانەبژێریی هەناری ڕادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە و داوا دەکات ئەو ڕێوڕەسمە بە ناوی ئەو وڵاتەوە تۆمار بکرێ.