دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات تاکاتی بەجێهێشتنی کۆشکی سپی و کۆتایی هاتنی دەورەی سەرۆککۆمارییەکەی “ترامپ”, گەمارۆگەلێکی نوێی بە سەر ڕێژیمی ئێراندا بسەپێنێ کە هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن دەوڵەتی داهاتووی ئەو وڵاتەوە کارێکی زۆر ئاسان نەبێ.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا باجگیرییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران تێکدەشکێنێ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی سێشەممە وتی: ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری ناوچەکە و پشتیوان و پەرەپێدەری تێرۆریزمە لە جیهاندا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردۆتە ئامانج.
هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ” دۆناڵد ترامپ” سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئیزن بە سەرەڕۆییەکانی ڕیژیمی ئێران لە ناوچەکەدا نادا و بەردەوامە لە سەپاندنی گەمارۆکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەو پەڕی گوشار بە دژی ئەو ڕێژیمە.
شایانی باسە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماوەیەک لەمەو پێش و هاوکات لە گەڵ نزیک بوونەوە لە کۆتاییەکانی دەورەی سەرۆککۆماریی “دۆناڵد ترامپ” و لە درێژەی سیاسەتی ئەو پەڕی گوشاری دژی ڕێژیمی ئێران، گەمارۆگەلێکی نوێی بە سەر ئەو ڕێژیمەدا سەپاند.
لەم پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گەمارۆی خستە سەر ٤ کۆمپانیای هەناردەکردنی پیشەی پێترۆشیمی ڕێژیمی ئێران و هەروەها ٢ کەس لە بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتی بە ناوەکانی” محەممەد بەسیری و ئەحمەد خەزاعی” خستە لیستی ڕەشی گەمارۆکانیەوە.