ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە عێراق، لە وتووێژێکی تەلەویزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران نازانێ کێ و چ گرووپێک باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدای کردۆتە ئامانج، گوتی: ئێمە پشتیوانیی لە هیچ لایەنێک بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکەین، بەڵام مافی تۆڵەکردنەوەمان هەیە و ئەویش لای خۆمان دەیپارێزین تا کاتی خۆی.
ناوبراولە وتووێژ لەگەڵ تەلەویزیۆنی “ئەلعەهد” جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاران وڵاتی عێراقی بۆ ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا بەکار نەهێناوە.
مەسجدی هەروەها گوتیشی؛ ڕێژیمی ئێران لە کاروباری عێراق دەستێوەردان ناکات و بەهیچشیوەیەک کاری بە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە نییە، ڕێژیمی ئێران لەو هێرشەی کە ئەم دواییانە کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە و پشتیوانی لە هیچ گرووپێکیش کە ئەو هێرشەی کردووە ناکات.












