دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژمی ئێران بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی سنووری نەوسوود تەقەیان لە پۆلێک کاسبکار کرد و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزە چەکدارانەدا کەسێک بە ناوی “ڕەزا” خەڵکی سەلاسی باوەجانی فیشەک بەر سینگ و لاقی کەوتووە و بە سەختی بریندار بوو و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە کرا و هەر لەو پەیوەندییەدا و هەمان ڕۆژ کاسبکارێکی دیکە بە ناوی “عەبدولکەریم محەممەدی” بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار دەبێ
شایانی باسە کە سالانە بە سەدان کاسبکار لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار دەبن یان گیانیان لە دەست دەدەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە خەڵکی شارە سنووریەکانی ڕۆژهەڵات لە بەر بێکاری و بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری.











