ململانێی سپای پاسداران و ڕێفۆرمخوازەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئێران دەستیپێکردووە.
بۆ ڕاکێشانی خەڵکی ئێران بۆ دەنگدان، باسەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێران لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاویدا، ماوەیەکە لە نێو میدیاکانی سەربە سپای پاسدران و باڵی بەناو ڕێفۆرمخوازدا چڕتربۆتەوە.
نیگەرانی کاربەدەستانی باڵای ڕێژیم لە ئەگەری بەشدارینەکردنی ئەمجارەی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا وایکردووە کە هەردووباڵی ڕێژیم تێبکۆشن کە بە هێنانە ئارای دروشمگەلێک کە چیتر بۆ خەڵکی ئێران واتایەکی ئەوتۆیان نەماوە، هەوڵی گڕوتین بەخشین بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو بدەن.
لەو چوارچێوەیەدا لەلایەک میدیاکانی نزیک لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیی هەوڵی زەقکردنەوەی ڕێکارەکانی کەسانێک وەک محەممەد جەواد زەریف، ئیسحاق جەهانگیری و محەممەدڕەزا عارف دەدەن و باس لە ئامادەکاریی بۆ ئێرانی دوای هاتنی دەوڵەتی جۆبایدن بۆ ڕێککەوتننامەی “بەرجام” و پێویستیی هەبوونی دەوڵەتێکی میانەڕەو بۆ بەڕێوەبردن ومودیرییەتی ئێران لەو قۆناغە نوێیەدا دەکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە میدیاکانی سەربە سپای پاسداران بە زەقکردنەوەی کەسانێک وەکوو، حوسێن دێهقان، محەممەد باقر قاڵیباف و سەعید جەلیلی، باس لە پێویستیی بەرەنگاریی لەبەرانبەر گەمارۆ ئابوورییەکان و متمانە نەکردن بە دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا دەکەن و شێوازێکی بەڕێوەبردن بەناو”ڕەزاخانیی ئیسلامی” یان کردۆتە ڕۆژەڤ.
شایانی باسە کە چیدیکە نەک تەنیا لە نێوئاخنی کۆمەڵگەی ئێران بەڵکوو بۆ زۆربەی ژوورە هزریی و ئایدۆلۆژی و پلانداڕێژییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوون بۆتەوە کە هەڵبژاردنەکان لە خولی داهاتوودا، پاش دەیانساڵ دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمە ودوای سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی و خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی و نەمانی متمانەی خەڵک بە جێبەجێ بوونی چاکسازیی ئابووری و کرانەوەی سیاسی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا، پێناچێ چیتر کۆماری ئیسلامیی ئێران بتوانێ خەڵک چەواشە بکا و درێژە بە پیلانی دەیانساڵەی بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵکی ئێران و دنیای دەرەوەش بدا.