چەندین دیاریی بە نرخ و پێویست،تایبەت بە پێشمەرگە کە لە لایەن خەڵکی بەشەرەف و ئەمەگناسی کوردستان و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانە کرابوو گەیشتە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
هەرچەند هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات خۆنەویستانە و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک لە خەڵکی ئازا و تێکۆشەر و دڵسۆزی خۆی خەبات دەکا و ئەو ڕێگایە هەڵبژاردووە بەڵام دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە بەردەوام پشت و پەنای پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات بوون و بە ناردنی دیاری و یارمەتیی بۆ پێشمەرگە ڕۆڵەکانی خۆیانیان دڵگەرم و شێلگیرتر کردووە و نیشانیان داوە کە سەرەڕای هەموو قەیران و کێشە و ئاستەنگەکان، خەڵک و پێشمەرگە لێک دانەبڕاون و دانابڕێن.
لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەسخۆشی و سپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئەو بنەماڵە بەڕێز و دڵسۆزانە لە هەمبەر ناردنی دیارییە بەنرخەکانییان بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان، هیوای تەندروستی و سلامەتییان بۆ بە ئاوات دەخوازین و دەستی ماندووبوونیان دەگوشین.











