بە پەرەسەندنی گرژییەکان و ئەگەری تێکهەڵچوونی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران، سپای پاسداران جموجۆڵێکی بەرچاوی دەستپێکردووە وسەرقاڵی ئامادەکارییە لە ناوچەکەدا.
پاش جێگیر کردنی فڕۆکەشەڕکەرەکانی “بی٥٢” و ژێردەریایی هەڵگری مووشەکی ناوکی و مانۆڕەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و هاتنی ژیردەریایی ئیسرائیل بۆ نزیک کەنداو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خێرای سەربازیی بە دژی ڕێژیمی ئێران، سپای پاسداران جموجۆڵێکی تایبەت بەخۆی و بەرچاوی دەستپێکردووە وسەرقاڵی ئامادەکارییە لە ناوچەکەدا.
لە نزیک بوونەوەی ساڵەوەگەڕی کوژانی “قاسم سولەیمانی” و کاردانەوە بە کوژرانی “موحسێن فەخریزادە” و ئەگەری هێرشی سەربازیی لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەو دوو وڵاتە ئامادەکاری تەواویان کردووە کە بە خێرایی وڵامێکی توندی سەربازیی ڕێژیمی ئێران بدەنەوە.
ئەمریکا ڕۆژانە هەڕەشە لە ڕێژیمی ئێران دەکا کە ئامادەین وڵامی هەرجۆرە هێرشێک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیاکانی سەربە ئەو ڕێژیمە کە بیانهەوێت هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە توندی بدەینەوە.
بەپێی وتەکانی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هێنانی ژێردەریایی ناوکی”ئێس ئێس جۆرجیا” بۆ ئاوەکانی کەنداو پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ڕێژیمی ئێران کە ئەمریکا ئامادەیە پشتیوانیی لە هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بکا و هەروەها ئەو پەیامە بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە تاران بدا کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە بیانووی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی “قاسم سولەیمانی” دەبێتە هۆی وڵامێکی توندی سەربازیی لە لایەن ئەرتەشی ئەمریکاوە بە ڕێژیمی ئێران.
شایانی باسە کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران “سەعید خەتیبزادە” ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانبار لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە تاران ئامادەیە وڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بداتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، لە وڵاتانی ناوچەکەدا ئامادەکاری تەواوی سەربازیی کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە باڵوێزی ڕێژیم لە بەغدا ڕایگەیاند کە ئێمە نازانین کە کێ و چ گرووپێک هێرشیان کردۆتەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا بەڵام تۆڵە کردنەوە لە ئەمریکا بە مافی خۆمان دەزانین.