ئیسرائیل: ڕێککەوتنی بەرجام لە بنەڕەتدا هەڵەیەکی گەورەی سیاسیی و مێژووییە.
دەفتەری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە هەرجۆرە گەڕانەوەیەک بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی ناسراو بە “بەرجام” لە نێوان زلهێزەکانی جیهان و ڕێژیمی ئێران زۆر بە جیددی ناڕازییە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ڕێککەوتنی ناوکی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران لە بنەڕەتدا هەڵەیەکی گەورەی سیاسیی و مێژووییە و بەهۆی ڕێککەوتنی “بەرجام”ەوە بە سەدان میلیۆن دولار پێشکەشی ڕێژیمی ئێران کرا بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی و پشتیوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم لە جیهاندا.
هەر لەم پێوەندییەدا و پاش بەیاننامەکەی دەفتەری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژنامەی کەیهان کە سەر بە عەلی خامنەییە دژایەتیکردنی ئیسرائیل لە هەمبەر گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام”ی درۆ و چەواشەکاری باڵێکی سیاسیی لە ئێران ناوبرد و دەڵێ: بە پێچەوانەی درۆکانی باڵی ڕێفۆرمخواز، ئیسرائیل نەک لەگەڵ بەرجام دژایەتیی نییە، بەڵکوو گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە بە دەرفەت بۆ خۆی دەزانێ.












